لێبوردنی نێودەوڵەتی بە نیسبەت ناڕوونی چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور هوشداری دا

هەنگاو: دوای گواستنەوەی لەناکاوی هیدایە عەبدووڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە بۆ شوێنێکی نادیار و بەیاننامەی ڕێکخرواوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕ

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٢٣:٠٧


هەنگاو: دوای گواستنەوەی لەناکاوی هیدایە عەبدووڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە بۆ شوێنێکی نادیار و بەیاننامەی ڕێکخرواوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆیان لە مەڕ جێبەجی کردنی حوکمی سێدارەئ ئەو بەندکراوە و سی بەندکراوی دیکەی عەرەب دەربڕی.

بە پێی بەیاننامەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەو رێکخراوی داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە کە بەپەلە زانیاری لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی حوسێن سیلاوی، عەلی خوسرەوی و ناسر خەفاجی سی بەندکراوی عەرەب و هیدایەت عەبدووڵڵاپوور بەندکراوی کورد، کە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە ئاشکرا بکات.


لە بەشیکی ئەو بەیاننامەدا هاتووە، سڵ کردنی بەرپرسانی ئێران لە زانیاری لەسەر چارەنووسی ئەو بەندکراوانە بە بنەماڵەکانیان، دڵرەقانە و نامرۆڤانەیە دەیسەلمێنی ئێران بەتەمایە ئەوان بێ سەروشوێن بکات کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، بەرپرسانی ئێرانی دەبێت بەپەلە ئازاردانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە بوەستێنێ و دەسبەجێ شوێنی ڕاگیرانی بەندکراوان بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیێنێت و هەر پیلانێک بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی سێدارەیان ڕابگرێت و دۆسیەکانیان دووبارە بخرێتەوە گڕ.


لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیانیەی خۆیدا ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ هەتا ئێستا حوکمی سێدارەی ٢٥ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.


ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و پاش چوار ڕۆژ هێشتا چارەنووسی نادیارە.

هەمان ڕۆژ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەیاننامەیەکی ڕوو لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ئەو بوارە بڵاو کردەوە و داوای کرد کە بە نیسبەت ڕاگواستنی لەناکاوی ئەو بەندکراوە سیاسیە بێنە دەنگ.


هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.


ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە