لێبوردنی نێودەوڵەتی: بەرپرسانی ئێرانی هەرچی زووتر ڕاستییەکان لە سەر چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ئاشکرا بکەن

هەنگاو: ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە دوو توێی بەیاننامەیەکدا داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردووە کە بەبێ دواکەوتن ڕاستییەکانی پەیوەندیدار

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٢:٢٠


هەنگاو: ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە دوو توێی بەیاننامەیەکدا داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردووە کە بەبێ دواکەوتن ڕاستییەکانی پەیوەندیدار بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور،ئاشکرا بکەن. بەرپرسانی خۆجێیی لەم دواییانەدا بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو بە شێوەی نهێنی لەسێدارە دراوە.


لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە ئەنجامی دادگایەکی نادادپەروەرانە لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو. لەو کاتەوە بنەماڵە و پارێزەرەکانی ناوبراو بە بەردەوامی بۆ ئاگاداربوون و وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە هەوڵدان بوون.


لە درێژەی بەیانیەکەدا هاتووە کە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، بەرپرسی ناوەندی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی ئورمیە بە بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندبوو کە ئەو بەندکراوە سێ حەوتووی پێش لە شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە لە سێدرە دراوە، بەڵام ناتوانێت زانیاریی زیاتر لەو بارەوە بدرکێنێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی سێ حەوتووی پێشوو، یەکێک لە بەرپرسانی دادستانی بە پارێزەرەکەی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە کە ئەو بەندکراوە لە گرتنگەی ئورمیە لەژێر چاوەدێریی سپای پاسداراندایە و ئاماژەی بە کاتی جێبەجێکردنی حوکمی ناوبراو نەکردووە.


"دایانا ئەلتەحاوی"، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقای لێبووردنی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: "کایەی بێ بەزەییانەی بەرپرسانی ئێرانی لەگەڵ بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەڵگەیەکی دیکەیە کە ئەوانە (بەرپرسانی ئێرانی) هیچ بەها و نرخێک بۆ گیان و کەرامەتی مرۆڤەکان دانانێن".


ناوبراو دەڵێت: "بەرپرسانی ئێرانی بە خۆدزینەوە لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، بەئەنقەست ئازاری دەروونی تووشی ئەو بنەماڵەیە دەکەن. ئەگەر هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بە شێوەی نهێنی لەسێدارە دراوە، دەبێ دەستبەجێ تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەهەمبەر بارودۆخ و چۆنیەتیی لەسێدارە دانی نایاسایی هیدایەت ئەنجام بدرێت".


بەپێی یاساکانی ئێران، بەرپرسان و بەڕێوەبەران دەبێ لەسێدارە دانی بەندکراوان ٤٨ کاتژمێر پێش لە جێبەجێکردنی حوکمەکەیان بە پارێزەرەکانی ڕابگەیەنن و ئیزنی دوایین دیداریان لەگەڵ بنەماڵەکەیان پێ بدرێت.، لەسێدارە دانی هیدایەت عەبدوڵلاپوور هەتا ئێستا بە پارێزەرەکانی ڕانەگەیەندراوە.


بەرپرسان و بەڕێوەبەران، مادام کە لە ئاشکراکردنی چارەنووس یان شوێنی ڕاگیرانی قوربانی یان تەرمەکەی خو دەبوێرن، تووشی کردەوەی "دیارنەمانی زۆرەملێ” بوون کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان" تاوان دێتە ئەژمار.


 بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ئێرانی پیشینەی درێژیان لە لەسێدارەدانی نهێنیی ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەیەکان، ناشتنی تەرمەکانیان لە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکان، خوبوواردن لە ڕاستییەکانی پەیوەندیدار بە چارەنووس یان شوێنی ناشتنی تەرمی لەسێدارەدراوەکانیان بۆ چەندین مانگ و یان چەندین ساڵ هەیە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە