لە بەفرانباری ئەمساڵدا ڕۆژانە کۆڵبەرێک بووەتە قوربانی، ٧٢٪یان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە

هەنگاو: بە بریندار بوونی سێ کۆڵبەری دیکە لە سنورەکانی کوردستان، ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ماوەی مانگی ڕابردوویی هەتاوییدا بوونەتە .

٣٠ بەفرانبار ٢٧١٨، ١٠:٣٧

 

هەنگاو: بە بریندار بوونی سێ کۆڵبەری دیکە لە سنورەکانی کوردستان، ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ماوەی مانگی ڕابردوویی هەتاوییدا بوونەتە قوربانی گەیشتووەتە ٣٢ کەس و بەمەش ڕۆژانە کۆڵبەرێک بووەتە قوربانی.

بەپێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە (٢٩ی بەفرانباری ٢٧١٨/ ١٩ی ژانویە ٢٠١٩) کۆڵبەرێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی “عوومەر فەقێ” لە سنووری کانی خودای پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ئێران بریندار بۆ ناوەندە دەرمانیەکانی مەهاباد گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بە پێی هەواڵێکە ماڵپەڕی “ماف نیوز” بڵاوی کردووەتەوە، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی سەردەشت بە ناوی “کەریم فەرەجی” کوڕی عوبەید بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی کانی زەرد لەکاتی کۆڵبەری بە تووندی بریندار بووە و بۆ ناوەندەی دەرمانیەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆڵبەرێکی خەڵکی نمەنشیری بانە بە ناوی “مەسعود ئەحمەدزادە” کوڕی هاشم لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە کاتی کۆڵبەری لە هەڵدێرێکەوە کەوتووەتە خوارەوە و بریندار بووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی  لانیکەم ٣٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان گیانی کەدەست داوە و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون.

زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون کە ٢٣ حاڵەت بووە و دەکاتە ٧٢٪ی کۆی قوربانییەکان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە