لە قەسری شیرین ژنێک بە پاساوی شەرەف کوژرا

هەنگاو: ژن و پیاوێکی لاو لە کرماشان لە لایەن برای ژنەکەوە و بە بیانووی ئەوەی پێ دەوترێت "پرسی نامووس" کوژران.

٢٦ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٢١:٢٤

 

هەنگاو: ژن و پیاوێکی لاو لە کرماشان لە لایەن برای ژنەکەوە و بە بیانووی ئەوەی پێ دەوترێت "پرسی نامووس" کوژران.

بە گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی دووشەمە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢١ ( ١٠ی مەی ٢٠٢١)، لە شاری قەسری شیرین ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی "نەسرین پاڵەوانی" و پیاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی " حامید مورادی" لە لایەن برای نەسرینەوە کوژران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە مێردی نەسرین پاڵەوانی پێوەندی بە براکەی نەسرینەوە گرتووە و ناونیشانی ماڵێکی پێداوە و وتوویە کە خوشکەکەت لە گەڵ پیاوێک لەو ماڵەدایە. براکەی ناوبراویش دەچێتە شوێنەکە و بە گازی ماڵەکە هەردووکیان دەخنکێنێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی کە نەسرین لە گەڵ مێردەکەیدا کێشەی هەبووە و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند جار چۆتەوە ماڵی باوکی و دیسان لە سەر گوشاری بنەماڵەی هەردوولا گەرابۆوە ماڵی مێردەکەی.

شایانی باسە کە پزیشکی دادی قەسری شیرین پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەو دوو کەسە بە هۆی گازی ماڵەوە خنکێندراون، بەڵام دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەو دوو کەسە خۆیان کوشتبێ.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی پاڵەوانی، بنەماڵەی نەسرین تەنانەت رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییان بەڕێوە نەبردووە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە قیزەونە،  کردەی دژە مرۆڤی کوشتن بە هەر هۆکارێ و یەک لەوان توندوتیژی نێو بنەماڵە بە توندی ئیدانە ئەکات و پێی وایە کوشتن هیچ پاساوێک هەڵناگرێ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە