منداڵێکی خەڵکی سەقز حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا

هەنگاو: دەزگای دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەر مێرمنداڵێکی خەڵکی سەقز سەپاند کە لە منداڵی تووشی تاوان بووە.

١٥ خەزەڵوەر ٢٧١٨، ١٩:٤٢

 

هەنگاو: دەزگای دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەر مێرمنداڵێکی خەڵکی سەقز سەپاند کە لە منداڵی تووشی تاوان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆفی هەنگاو، لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە ڕۆژی سێشەممە (١ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ / ٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی بەسەر مێرمنداڵێکی خەڵکی سەقز بە ناوی ”شایان سەعیدپوور“ کوڕی سەلاحەدین سەپاندووە.

ئەو حوکمە لەلایەن دادوەر وەفاییان و بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

شایان سەعیدپوور لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧١٥ ( ١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٥) لە کاتێکدا تەمەنی نەگیشتبووە ١٨ ساڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقزی بە ناوی ”سلێمان ئازادی“ کوشتووە و لەوکاتەوە لە بەندیخانە ڕاگیراو.

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی تەمەنی نەگیشتووە ١٨ ساڵ بە پێی ئەو بەڵگانەی کە ”هێرانا“ بڵاوی کردووەتەوە نەخۆشی دەروونی هەبووە و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکدا بووە و تەنانەت چەندین جاریش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

شایان سەعیدپوور لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٧٦ی هەتاو بووە و لەکاتی ئەنجامی تاوانەکە ڕاست ١٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ٢٥ ڕۆژ تەمەنی هەبووە.

ئێران ماوەی ٢٥ ساڵ کە کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵانی واژۆ کردووە و بە پێی ئەو کۆنوانسیۆنە نابێ منداڵانی تاوانبار لە سێدارە بدات. بەڵام تەنیا لە سالی ڕابردوودا ٤ منداڵی تاوانباری دوای ئەوەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی (سەرووی ١٨ ساڵ) لە سێدارە داوە و ئەمساڵیش چەندین کەسی دیکە لەسێدارە دراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە