منداڵێکی کورد هەتا چەند ڕۆژی دیکە لەسێدارە دەدرێت

هەنگاو: منداڵێکی کوردی خەڵکی کرماشان کە لە تەمەنی ١٦ ساڵان بە هۆی دەمەقاڵەیەکەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە، هاوپۆلییەکی خۆی کوشتبوو.

٧ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٠:٤٧

 

هەنگاو: منداڵێکی کوردی خەڵکی کرماشان کە لە تەمەنی ١٦ ساڵان بە هۆی دەمەقاڵەیەکەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە، هاوپۆلییەکی خۆی کوشتبوو، هەتا چەند ڕۆژی دیکە لە سێدارە دەدرێت.

بەپێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بە پشتبەستن بە ڕۆژنامەی (همدلی)، میلاد عەزیمی خەڵکی کرماشان لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ٢٧١٣ ( ٥ ساڵ پێش) بە تۆمەتی کوشطنی هاوپۆلییەکی  دەستبەسەر و دواتر حوکمی سێدارە بەسەردا سەپاوە.

میلاد عەزیمی لەکاتی ئەنجامی تاوان تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی هەبەووە وەک خۆی باسی کردووە بە هۆی ترس و گوشاری هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو کوشتنەی وە ئەستۆ گرتووە و هەتا تەمەنی ١٨ ساڵان لە ناوەندی ڕاگرتنی منداڵانی تاوانبار لە کرماشان ڕاگیراوە و ئێستا لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان ڕاگیراوە و بڕیارە حوکمەکەی ١٣ی سەرماوەز ( ٦ ڕۆژی دیکە) بەڕێوە بچێت.

بنەماڵەی کوژراو ڕەزامەندییان نیشان داوە هەتا لەهەمبەر وەرگرتنی بڕی ٥٥٠ میلیۆن تمەن ئەو لاوە ببەخشن و لەسێدارە نەدرێت، بەڵام بنەماڵەی میلاد بە هۆی دەستکورتی و هەژارییەوە و بە هاوکاری خێررخوازان هەتا ئێستا توانیویانە تەنا ٣٥٠ میلیۆن تمەن کۆ بکەنەوە.

فەریبا بەخشی دایکی میلاد ڕایگەیاندووە کە دار و نەدارمان فرۆشتووە ناوەندێکی خیرخوازیش ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بۆمان کۆ کردوەتەوە، بەو حاڵەش هێشتا بڕی ٢٠٠ میلیۆن تمەنمان کەمە و داوای لە خێرخوازان کردووە کە هاوکارییان بکەن و نەهێڵن ڕۆڵەکەیان لەسێدارە بدرێت.

ئێران لەو دەگمەن وڵاتانەی جیهانە کە حوکمی سێدارەی منداڵان تێیدا جێبەجێ دەکرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێران پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی واژۆ کردوە و بە ڕوونی لەو پەیماننامەیەدا وتراوە کە نابێ حوکمی سیدارەی منداڵان بەڕێوە بچێت.

بەپێی ئامارەکان ئێران لەماوەی ساڵی ٢٠١٧ دا لانیکەم ٥ منداڵ لەسێدارە داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە