هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی سنەیی لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە، لە پاش ئەوەی بانگ دەکرێتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە و دەستبەسەر دەکرێ، سێ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

١٦ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٣:٥٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە، لە پاش ئەوەی بانگ دەکرێتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە و دەستبەسەر دەکرێ، سێ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۱ (۵ی ئاگوستی ۲۰۲۱)، مادێح فەتحی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە پاش بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و گوتوویەتی بە هۆی دەستبەسەر کرانی نایاساییی خۆی لە هەمان ڕۆژی دەستبەسەرکرانییەوە مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی فەتحی، مادێح لە پاش بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی پرسەی کوڕەخاڵەکەی بە ناوی "ئیدریس فەقیهی"،  بانگ کراوە و دەستبەسەریان کردووە.

ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ماوەیەک لەمەوبەر لە پێکدادانێکدا لەگەڵ سپای پاسداران لە نزیک شاری بۆکان، لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی ئەو حیزبە گیانی لە دەست دابوو.

مادێح فەتحی و هاوسەرەکەی سەحەر کازمی، لە چالاکانی مەدەنی و  ژینگەپارێزی سنەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەنین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە