هەرەسی بەفر گیانی کۆڵبەرێکی ئەستاند و کۆڵبەرێکیش بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار بوو

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە بە هۆی هەرەسی بەفرەوە گیانی لە دەست دا و کۆلبەرێکی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار بوو.

٢٣ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٢:١٨

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە بە هۆی هەرەسی بەفرەوە گیانی لە دەست دا و کۆلبەرێکی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی (٢٣ی سەرماوەزی ٢٧١٨ / ١٤ی دێسامبری ٢٠١٨)، تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە کە دوو دوو ڕۆژ پێش کەوتبووە ژێر هەرەسی بەفرەوە، دۆزرایەوە.

ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣٥ ساڵە ”جەواد گولابی“ خەڵکی گوندی ”ملوانە“ سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە ڕاگەیەندراوە.

ئەو کۆڵبەرە لاوە خێزاندار و باوکی منداڵێکیش بووە کە لە ناوچەی سنووری سێروو لە نیوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان گیانی لە دەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ی سەرماوەز، لە ناوچەی سنووری قوتوور هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە پۆلێک لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە.

ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە ”هادی نێعمەتی“ تەمەن ٢٩ ساڵ ڕاگەیەندراوە کە پشت و ڕانی بە سەختی پێکراوە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە