هەڵسوکەوتی نا مرۆڤانەی پۆلیسی دانیمارک لەگەڵ ژنێکی پەناخوازی کورد

هەنگاو: ژنێکی پەناخوازی کورد و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان کە مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە، لەلایەن پۆلیس

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٠٠:٢١

 

هەنگاو: ژنێکی پەناخوازی کورد و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان کە مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە، لەلایەن پۆلیسی دانیمارکەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و ئێستاش دەستبەسەرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٢٩ی مارسی ٢٠٢٢)، هێزەکانی پۆلیسی دانیمارک لەگەڵ فەرمانبەرانی کەمپی پەنابەرە دیپۆرتییەکان لە شاری کۆپێنهاگ دایکی پەناخوازی خەڵکی سەرپێڵی زەهاویان بە ناوی قەدەم خەیر حەقانی زادە تەمەن ٣٧ ساڵ لە پێش چاوی دوو کوڕە ١١ ساڵەکەی داوەتە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزی پێکردن و دەست و لاقیان بەستووە و دواتر گواستوویانەتەوە نەخۆشخانە و لەوێشەوە بردوویانەتە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەو شارە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو ژنە بە هەنگاوی وت: «هێزەکانی پۆلیس هەتا ڕادەیەک قەدەم خەیرییان داوەتە بەر لێدان. و کوتان کە جەستەی بە تەواوەتی شین بووەتەوە و لە دوێنێوە ئیزنیان نەداوە کەس چاوی پێ بکەوێت».

هەنگاو زانیویەتی کە پۆلیسی دانیمارک ڕۆژی ڕابردوو قەدەم خەیر حەقانی زادە و دوو منداڵە ١١ ساڵانەکەی دیپۆرتی تورکیا کردووەتەوە هەتا لەوێوە دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە، بەڵام کاتێک ویستوویانە کە بەرەو ئێران دیپۆرتیان بکەنەوە ئەو ژن و دوو منداڵەکەی دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین و لە خۆیان داوە و هەر بۆیەش کارمەندەکانی فڕۆکە ئێرانییەکە ئیزنیان نەداوە کە سواری فڕۆکەکە بن و پۆلیسی دانیمارک ناچار بووە دیسان بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

قەدەم خەیر حەقانی زادە ساڵی ٢٠١٤ وەکوو پەنابەر چووەتە دانیمارک و پۆلیسی دانیمارک بە بیانووی ئەوەی کە ناوبراو بە پاسپۆرت لە ئێرانەوە چووەتە تورکیا پێیان ڕاگەیاندووە کە تۆ هیچ کێشەیەکت بۆ مانەوە لە ئێران نییە و لە ماوەی ئەو ساڵانەدا چەندین جار داوای پەنابەرییەکەی لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی دانیمارکەوە ڕەد کراوەتەوە.

ئەو ژنە پەناخوازە دایکی منداڵێکی یەک ساڵیشە کە پۆلیسی دانیمارک دوو ڕۆژە لە منداڵەکەی جیای کردووەتەوە و تەنانەت ئەو کاتیش کە بۆ تورکیا دیپۆرتیان کردووەتەوە منداڵەکەیان لە دایکی وەرگرتووەتەوە و ڕادەستی باوکیان کردووە.

بنەماڵەی ئەم ژنە پەناخوازە بە نیسبەت باری تەندروستی و هەروەها چارەنووسی ناوبراو بە پەڕۆشن و ترسی ئەوەیان هەیە کە بە شێوەی نهێنی بۆ وڵاتی ئێران دیپۆرت بکرێتەوە.

فەراز فیرووزی، ڕاوێژکاری یاسایی هەنگاو لەو بارەوە دەڵێت: «وڵاتی دانیمارک لە بواری یاسایەوە پێ بەندە بە کۆنڤانسیۆنی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها جاڕنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە کە لەواندا پەناخوازی وەکوو مافێکی مرۆڤ بە فەرمی ناسراوە کە حکومەتی دانیمارک لە چەندین بوارەوە ئەو مافانەیان پێشێل کردووە.

هەروەها وڵاتی دانیمارک بە جیاکردنەوەی منداڵێکی یەک ساڵە لە دایکی نەک هەر پێوەرە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ بەڵکوو پێوەرە جیهانییەکانی مافی دایکایەتی و هەروەها کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان، کۆنڤانسیۆنی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ و جاڕنامەی مافەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی یەکێتی ئەورووپای پێشێل کردووە.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە