قوروە؛ تارا فەرهەنگیان، خوێندکاری تەمەن ۲۱ ساڵ سزای بەندکران، لێدانی قامچی و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
تارا فەرهەنگیان، خوێندکاری کورد و خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ۱ ساڵ بەندکران، لێدانی ٣١ قامچی، ۲ ساڵ دوورخستنەوە بۆ زابۆل و پێبژاردنی ۱۲۰ ملیۆن تمەن سزای نەختیی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم سزایانە لەم دواییانەدا لەلایەن دادگای تاوانەکان و دادگای شۆڕشی شاری قوروە بە تارا فەرهەنگیان، خوێندکاری تەمەن ۲۱ ساڵی ڕشتەی پەروەردەی جەستەییی زانکۆی هەمەدان ڕاگەیاندراوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، تارا فەرهەنگیان لەلایەن لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی قوروە سزای ۱ ساڵ بەندکران و لێدانی ٣١ قامچی و سەبارەت بە تۆمەتەکانی «تێکدانی ئاسایش و هێمنی گشتی» و «سەرپێچیکردن لە هێزەنیزامیەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا» سزای ۲ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری زابۆل هەڵکەوتوو لە پارێزگای سیستان و بەلۆچستانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو هەروەها لەلایەن دادگای شۆڕشی قوروەوە بە پێبژاردنی ۱۲۰ ملیۆن تمەن سزای نەختی لە بەرژەوەندیی سندووقی دەوڵەت بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی» سزای بەسەردا سەپێندراوە.
تارا فەرهەنگیان، خوێندکاری کورد لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.