تورکیا؛ بەردەوامیی ناڕوونی چارەنووسی ئەژین حوسێنی، پەنابەری سیاسیی کورد لە کەمپی دیپۆرت
هەنگاو؛ سێشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤
بارودۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەژین (فەهمیدە) حوسێنی، پەنابەری سیاسیی کورد کە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوو لە تورکیا دەستبەسەر بووە، لە کەمپی نیشتەجێکردنی کاتیی دیپۆرت، ناجێگیرڕاگەیەندراوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ڕەشاد محەممەدی، هاوژینی ناوبراو لەم دواییانەدا ئازاد کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەژین حوسێنی پەنابەری خەڵکی سەوڵاوا، لەحالێکدا مانگی نۆیەمی لە کەمپی "پەهلەوان کۆی" لە شاری ئادیرنەی تورکیا تێپەڕ دەکات کە چارەنووسی نادیارە و ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران لەئارادایە.
بە وتەی ڕەشاد محەممەدی، ئەژین حوسێنی بەهۆی جیاکردنەوەیان لە یەکتر بۆ ماوەیەکی درێژ، لە دۆخێکی دەروونیی نالەبار و لەژێر گوشاردایە و نەبوونی ئاوی گەرم و پێداویستیی خاوێنکردنەوە بووەتە هۆی نەخۆش کەوتنی.
ئەو پەنابەرە ڕایگەیاندووە کە دانیشتنی دادگاکەیان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٤) بەڕێوە چووە و بە وتەی پارێزەرەکەیان تا ئێستا بڕیاری دادگا دەرنەکراوە.
هەنگاو پێشتر بەپێی وتەکانی ئەژین حوسێنی ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو لە یەک مانگی کۆتایی دەستبەسەرکرانیدا، تەنیا یەک جار توانیویەتی هاوژینەکەی ببینێت.
ئەژین حوسێنی تەمەن ٣٠ ساڵ و ڕەشاد محەممەدی تەمەن ٣٤ ساڵ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وەکوو چالاکی سیاسی دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون و بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بە بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان کران.
ئەژین حوسێنی و ڕەشاد محەممەدی سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کران و دوای چەند جار گواستنەوەیان ڕەشاد محەممەدی لەم دواییانەدا ئازاد کراوە و ئەژین حوسێنی تا ئێستاش لەو کەمپەدایە و چارەنووسی ڕوون نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ئەو دوو چالاکە سیاسییە کوردە بۆ ئێران و ئەگەری ئەشکەنجەدران و سەپاندنی هەر سزایەکی نامرۆڤانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، داوای سەرنجدانی خێرای ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی پشتیوانی لە پەنابەران دەکات.