دەستبەسەرکرانی فاتمە داوەند، پەنابەر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە تورکیا و ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٤:٤٦

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

فاتمە داوەند، لە دەستبەسەرکراوانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ و شایەتحاڵی دادگای نێودەوڵەتیی ئابان، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە و ئەگەری سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ناوبراو و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، فاتمە داوەند، پەنابەری خەڵکی بۆکان و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە کاتی هەوڵدانی بۆ گەیاندنی خۆی بە یۆنان لە ئاوەکانی تورکیا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فاتمە داوەند، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی تورکیا سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەگەری ڕاگرتنی بۆ ماوەیەکی درێژ لە بەندیخانە یان ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران لە ئارادایە.

فاتمە داوەند بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک، پێش ڕۆیشتنی لە تورکیا بەرەو یۆنان وتوویەتی کە پێشتر لە ڕاگەیەندراوەیەکدا بانگ کراوەتە دادگا و بەهۆی بارودۆخی خۆی و ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران، ناچار بە بەجێهێشتنی ئەو وڵاتە و ئامادەنەبوون لە دادگاکانیدایە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە لە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢١، بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانی بەمەبەستی داوای پەنابەری لە یەکێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان بەجێ هێشت.

فاتمە داوەند ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بۆکان دەستبەسەر کرا و لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆی کرا.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٩ لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی بۆکان بە تۆمەتی وەکوو "تێکدانی ئاسایشی گشتی بە بەشداریکردن لە ئاژاوەکان و لابردنی حیجاب" سزای ٥ مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

فاتمە داوەند لە دۆسیەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٧٢٠ بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی وڵات" لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە دوای تەسلیم بە ڕای دادگا بۆ ٤٥ مانگ کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گواسترایەوە و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢١ لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە