مەیسوون مەجیدی، پەنابەری کورد لە بەندیخانەیەکی ئیتاڵیا مانی لە خواردن گرت

٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٣:٥٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

مەیسوون مەجیدی، هاووڵاتی کورد و لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەورووپا لە سنووری ئیتاڵیا دەستبەسەر و نزیک بە پێنج مانگی ڕابردوو لە بەندیخانەی ئەو وڵاتە ڕاگیراوە، ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ناڕوونی خۆی مانی لە خواردن گرتووە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەیسوون مەجیدی کە ئێستا چوار مانگ و ٢٧ ڕۆژە لە بەندیخانەی کاسترۆویلاری وڵاتی ئیتاڵیا ڕاگیراوە، ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٧ی مەی ٢٠٢٤) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.

مەیسوون مەجیدی، پەنابەری کورد لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە سنووری ئیتاڵیا دەستبەسەر و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ، داوای کردووە بە هۆی ئەوەیکە تا ئێستا ئەو تۆمەتەی وەپاڵی دراوە نەسەلمێندراوە و بەپێی یاسای ئیتاڵیا لە ئەگەری نەسەلماندنی تۆمەتە وەپاڵدراوەکە، بەندکراو دەتوانێ تا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردن لە دەرەوەی بەندیخانە بێت، ناوبراو بنێردرێتە دەرەوەی بەندیخانە.

مەیسوون مەجیدی لە کۆتایییەکانی ساڵی ڕابردوو، بە هۆی هەڕەشەی بەردەوامی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناچار بوو هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵت و ڕوو لە ئەورووپا بکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای نیگەرانی لەسەر بارودۆخی مەیسوون مەجیدی داوا دەکات کەیسەکەی دیسان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێست بگرن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە