پەروین ئەدوایی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا

هەنگاو: پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی دانیشتووی مەریوان بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە و لە بەندیخانە ئازاد کرا.

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٨:٤١


هەنگاو: پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی دانیشتووی مەریوان بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە و لە بەندیخانە ئازاد کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٦ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، پەروین ئەدوایی چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان کە لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵان چالاکی هەبوو ، دوای تێپەڕاندنی ٦ مانگ بەندکران لە ماوەی ٢ ساڵەی حوکمەکەی، بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوتووە و لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

پەروین ئەدوایی خەڵکی گوندی سەلێنی سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، ڕۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (٢٧ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش سێ مانگ بەندکران بە دانانی بارمەتی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.


پەروین ئەدوایی زستانی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” حکومی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٠) بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروردەی شاری سنە کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە