چالاکانی مەدەنی داوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان دەکەن

هەنگاو: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک داوایان لە خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستان کردووە کە بە مەبەستی

٣٠ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٠:٢٦

 

هەنگاو: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک داوایان لە خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستان کردووە کە بە مەبەستی شەرەمەزارکردنی بە نهێنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی بەفرانبار لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و بە بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی گشتی بێزاری خۆیان لە جێبەجێکرانی سزای سێدارە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نیشان بدەن.

لە بەشێکی ئەو بەیانیەدا وێڕای ئاماژە بە ناوی چەند بەندکراوی دیکەی سیاسی کورد کە سزای سێدارەیان لەسەرە هاتووە “ و ئێمە دەتوانین بە هەڵوێستی خۆمان پێش بە لەسێدارەدانی ئەوان بگرین” و داوا لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و  مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە کە پشتیوانی ئەم مانگرتنە بن.

حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز بەبێ دوایین ماڵئاوایی لە گەڵ بنەماڵەکەی و تەنانەت بێ ئاگاداری پارێزەرەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە کە کۆپییەکی دەستی هەنگاو گەیشتووە بە شێوەی خوارەوەیە؛

مانگرتنی ڕۆژهەڵات بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆڵەکانی

دەستی ڕەشی کۆماری سێدارە، جارێکی دیکە ڕۆڵەیەکی فیداکار و تێکۆشەری ئەم کوردستانەی لە بەرەبەیانێکی ڕەشدا و بە نهێنی بردە  سەر سێدارە. لە سێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" هەڵگری پەیامی بەردەوامیی سەرکوت و زەبروزەنگە لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

لە بەرانبەردا ئەرکی هەموو کوردێکە بە هەڵوێستێکی کوردانە و  بە ئیرادەیەکی حەیدەرئاسا و پۆڵایین، وڵامی ئەم سەرەڕۆیییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شکاندنی ئیرادەی ئازادیخوازیی کورد بداتەوە.

هەر بۆیە ئێمە وەکوو ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" و ڕەت کردەوەی ئیرادەی زەبروزەنگ و خۆسەپاندن و ترس و تۆقاندن لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی بەفرانبار مانگرتنێکی گەشتی بەڕێوە ببەن.

چەند ڕۆڵەی دیکەی کورد وەکوو مەحیەدین ئیبراهیمی، شاکر بێهرووزی و محەمەد ڕەحیمی کە بە تۆمەتی سیاسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە ئێستا لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی سزاکەیان دەکەن و ئێمە دەتوانین بە هەڵوێستی خۆمان پێش بە لەسێدارەدانی ئەوان بگرین.

هەر لەو پەیوەندیەیدا داوا لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و  مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکەین  بە هەر جۆرێک کە بۆیان دەلوێت پشتیوانی لەم مانگرتنە  بکەن .

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە