چوار کەس لە نوێنەرانی بازاڕیانی نەغەدە دەستبەسەرکران

دوابەدوای مانگرتنی گشتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، ناوەندی چاودێری بەسەر شوێنە گشتییەکان، زۆرینەی دووکان و شوێنی کاری کاسبکارانیان لە شا

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٣:٥٣


هەنگاو: چوارشەممە، ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

دوابەدوای مانگرتنی گشتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، ناوەندی چاودێری بەسەر شوێنە گشتییەکان، زۆرینەی دووکان و شوێنی کاری کاسبکارانیان لە شارەکانی پیرانشار، نەغەدە، شنۆ و سنە کە لە مانگرتنی گشتی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەشداربوون، داخستووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە دوای تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر تەختە کردن و داخستنی دووکانەکانی شاری نەغەدە، بازاڕیانی ئەم شارە سەردانی ناوەندی چاودێری بەسەر شوێنە گشتییەکانیاندا کردووە و خوازیاری کردنەوەی دووکانەکانیان بوون، بەڵام داواکارییەکەیان بە توندی لەلایەن ئەم ناوەندەوە ڕەدکراوەتەوە.


هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٣ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لەدوای بەدواداچوونەکانی پێش نوێژی ئەم شارە بۆ کردنەوەی دوکانە تختەکراوەکان ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری نەغەدە، داوای لە بازاڕیان کردووە کە چوار کەس وەک نوێنەری خۆیان بۆ گفتوگۆ لەمبارەوە بەو ئیدارەیە بناسێنن.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هەر لە هەمان کات لە دوای داواکەی ئیدارەی ئیتلاعات، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "مەحموود شافیعی، محەممەد ساڵحی، ئەیووب بازیان و سەید تاهیر ڕاک" وەک نوێنەری بازاڕیان چوونەتە ئیدارەی ئیتلاعات، هەتا لەبارەی کردنەوەی دووکانەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ناوەندە ئەمنییە گفتوگۆ بکەن..

هەنگاو زانیویەتی، کە ئەم چوار هاووڵاتییە لە هەمان ڕۆژدا لە دانیشتنیان لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکراون و هەتاکوو ئێستا لە دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیان هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ هەنگاودا، جەختی لەوە کردووە، کە سەرەڕای چوونی بازاڕیان بۆ بەردەم ئیدارەی ئیتلاعات و بەدواداچوونی بنەماڵەکانی ئەم چوار گیراوە، ئەو ئیدارەیە هیچ وەڵامێکی ڕوونی لەبارەی چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییانە نەداوەتەوە.


ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، ژمارەیەکی زۆری بازاڕیان و چالاکانی پیشەیی لە شارەکانی بانە، مەریوان، دیواندەرە، سەردەشت، دێولان، سەقز، ئورمیە، پاوە، جوانڕۆ، بۆکان، مەهاباد، نەغەدە، پیرانشار و ئیلام لە دوای بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەدژی هێرشی مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەمپی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئیسلامی ئێران مانیان گرت و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە