چەکدارەانی ئێرانی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٩ ساڵیان کوشت

هەنگاو: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران، کۆڵبەرێکی سەلماسی گیانی لە دەست دا.

٣١ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٢:٢٦

 

هەنگاو: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران، کۆڵبەرێکی سەلماسی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٢٩ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٢٠ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، چەکدارانی ئێرانی لە سنووری شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد کردووە و لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا، ئەو کۆڵبەرە کە خەڵکی سەڵماس بووە، گیانی لە دەست داوە.

هەواڵنێری هەنگاو ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٩ ساڵەی ”تەوحید حەقدار“ کوڕی بارزان و خەڵکی گوندی ”دۆستان“ سەر بە ناوچەی شپیرانی سەڵماس لە پارێزگای ئورمیە ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە ئەمڕؤ دۆزراوەتەوە و ڕوانەی پزیشکی یاسایی شاری نەغەدە کراوە و هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا ئەمە سێهەمین کۆڵبەری خەڵکی سەڵماسە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە