ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو بە بۆنەی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ

هەنگاو: ڕۆژی ١٠ی دێسامبر لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆ وەکوو ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ناودێر کراوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

١٨ سەرماوەز ٢٧١٨، ٢١:٤٣

 

هەنگاو: ڕۆژی ١٠ی دێسامبر لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆ وەکوو ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ناودێر کراوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ئەمساڵی زایینیەوە (٢٠١٨)، لانیکەم ٦٨ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون، زیاتر لە ١٠٠٠ کەس دەستبەسەر کراوە، ٢١٣ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و بریندار بوون و ١٧٠ هاووڵاتیی کوردیش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارە، بەندکران و لیدانی قامچییانی بەسەردا سەپاوە.

 

لە سێدارە دانی ٦٨ هاووڵاتیی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ئەمساڵی زاینییەوە (١١ مانگ)، لانیکەم ٦٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە حوکمی یەکێکیان لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.

لەو ڕێژەیە، ٢٨ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٢٢ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای کرماشان،٦ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای سنە، ٦ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای لوڕستان، ٥ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای ئیلام و هاووڵاتییەکیش خەڵکی پارێزگای خوراسانی باکوور بووە.

هەروەها ٦ بەندکراو بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٩ بەندکراو بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی، ٤٦ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، ٥ بەندکراو بە تۆمەتی  بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و دوو بەندکراویش بە تۆمەتی دەستڕێژی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

سێ ژن، منداڵێک و خوێندکارێک لە نێو ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون دەبیندرێن.

 

دەستبەسەر کرانی زیاتر لە ١٠٠٠ هاووڵاتیی کورد

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی ٦٥٧ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

لە کۆی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان دیارە، ٣٥٩ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان، ١٧٠ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٣٩ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی و ٢٨ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی کرێکاری دەستبەسەر کراون.

هەروەها ٣٧ کۆڵبەریش دەستبەسەر کراون و تۆمەتی ٢٤ کەسیان نادیارە.

لە کۆی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون ٣١ کەسیان خوێندکار، ٧ کەسیان مامۆستای قوتابخانە، ٢٢ کەسیان چالاکی میدیایی و ڕۆژنامەنووس، ٤٢ کەسیان ژن و ١٣ کەسیان منداڵ بوون.

 

کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەرجەم ٢١٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٦٥ کەسیان کوژراون و ١٤٨ کەسیان بریندار بوون.

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی ١٤١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٣٨ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی، ٢١ کەسیان بە هۆی تەقینەوە مین و ١٣ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لەکاتی ڕاوەدوونان بوونەتە قوربانی.

زیاترین ڕیژەی قوربانی بوونی کۆڵبەران لەپارێزگای ئورمیە تۆمارکراوە کە لەو ماوەیەدا ١٤١ کۆڵبەر لەو پارێزگای ئورمیە کوژراون و بریندار بوون.لە پارێزگای سنە ٥٥ کۆڵبەر و لە پارێزگای کرماشانیش ١٤ کۆلبەر بوون کوژراون و بریندار بوون.

 

سەپاندنی حوکم بەسەر ١٧٠ چالاکی کورد

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٧٠ چالاکی سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی و کرێکاری کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارە، بەندکران و لیدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا، ١٣ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سپاوە و ١٥٧ هاووڵاتیی دیکە حوکمی ٦٨١ ساڵ بەندکران، ٣٣٧٤ زەربە قامچی و پێێبژاردنی ١٢٨ میلیۆن تمەنیان بەسەردا سەپاوە.

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە