ڕاپۆرتی لە مارسەوە هەتا مارس، دەستبەسەر کرانی ٤١ ژنی کورد و لەسێدارەدانی دوو ژن

هەنگاو: بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ ڕاپۆرتێکی ئاماری لە دەستبەسەرکرانی ژنانی کورد لەماوەی ساڵی ڕابردوودا

٩ خاکەلێوە ٢٧١٨، ٢٢:٢٣

 

هەنگاو: بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ ڕاپۆرتێکی ئاماری لە دەستبەسەرکرانی ژنانی کورد لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و هەروەها سەپاندنی حوکم و لەسێدارەدانی ژنانی کورد بڵاو دەکاتەوە.

دەستبەسەر کردنی ژنانی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لە مارسی ٢٠١٧ هەتا مارسی ٢٠١٨ لەسەریەک ٤١ ژن و کچی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوان.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ڕابردوودا ٢٤ ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و بەشداری لە خۆپێشاندانەکان ، ٩ ژن بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی (سونە و بەهایی)، ٧ ژن بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و کچێکی تەمەن ٥ ساڵیش دەستبەسەر کراون.

زیاترین ڕیژەی ئەو ژنانەی  کە دەستبەسەر کراون لە پارێزگای سنە بووە کە ١٧ کەس بوون و دواتر ئورمیە و کرماشان بە ١١ و ٩ حاڵەت و پارێزگای ئیلامیش بە ٤ حاڵەت کەمترین حاڵەتی دەستبەسەرکرانی ژنانی تێدا تۆمار کراوە.

سەپاندنی حوکم بە سەر ژنانی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری “هەنگاو”، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٦ ژن و کچی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی حوکمی بەندکران و لێدانی قامچی و هەروەها دانی غەرامەیان بەسەردا سەپاوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە چالاکانی ژنی کورد لەسەریەک حوکمی ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران ، لێدانی ١٠٠ قامچی و هەروەها دانی بڕی ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن غەرامەیان بەسەردا سەپێندراوە.

لەسێدارە دانی ژنانی کورد

بە پێی ئاماری “هەنگاو”، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا دوو ژنی کورد بە تۆمەتی بازرگانی کردن و گواستنەوەی ماددە سڕکەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت لە باکووری ئێران لەسێدارە دراون.

ئەو دوو ژنە خەلکی ئورمیە و قوچان لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بوون.

ناوی تەواوی ئەو حاڵەتانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێکراوە لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو” تۆمار کراوە.

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگە پێدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە