جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی بیرجەند، قائێن و وەکیل ئاباد مەشهەد

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٢٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابڕدوو سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی بەلووچ بە ناوەکانی مەحموود مەنگلی، عەلیڕەزا سەرگوڵزایی، حەسەن شادمان، بەراهوویی (ناو نادیار) و موحسین کەرەمی لە بەندیخانەکانی بیرجەند، قائێن و وەکیل ئاوا مەشهەد جێبەجێکرا.

بەپێ ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی مەحموود مەنگلی (گێرگیج)، ٤٢ ساڵ باوکی منداڵ و خەڵکی شاری ساڵح ئاوا سەر بە پارێزگای خوراسان ڕەزەوی لە بەندیخانەی ناوەندی بیرجەند جێبەجێکرا.

هاوکات، سزای سێدارەی عەڵیڕەزا سەرگوڵزایی، ٢٥ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی زاهیدان و دانیشتووی تاجر ئاوا مەشهەد لە بەندیخانەی ناوەندی وەکیل ئاوا جێبەجێکرا.

پێشتر، بەرەبەیانی یەکشەممە ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣ (٢٨ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارە سێ بەندکراوی بەلووچ بە ناوی موحسین کەرەمی، ٢٨ ساڵ، حەسەن شادمان و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی بەراهوویی (ناو نادیار)، لە بەندیخانەی قائێن خوراسان ڕەزەوی جێبەجێکرا.

تەواوی ئەم پێنج بەندکراوە بەلووچە، پێشتر بە تۆمەتی بەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە، دەستبەسەر و سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێنرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە ناوەندی دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە