بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراو

٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٩:١٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی سوهراب حەکیم ئاباد، ئەمیر موحەڕڕەمی و داوود نامیاری لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری تەورێز جێبەجێکرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی خەڵکی تەورێز بە ناوەکانی ئەمیر موحەڕڕەمی، تەمەن ٣٦ ساڵ، داوود نامیاری، تەمەن ٣٣ ساڵ و سوهراب حەکیم ئاباد، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری تەورێز جێبەجێکرا.

سوهراب حەکیم ئاباد و داوود نامیاری سێ ساڵ لەمەوپێش و ئەمیر موحەڕڕەمی دوو ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە