ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر نەخۆشیی کەڕووی ڕەش لە شاری سنه

هەنگاو: سەرباری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەڕووی ڕەش لە شاری سنە و کوێربوونی چەندین نەخۆش بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە، بەرپرسانی

٢١ خەرمانان ٢٧٢١، ٢٣:٢٣

 

هەنگاو: سەرباری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەڕووی ڕەش لە شاری سنە و کوێربوونی چەندین نەخۆش بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە، بەرپرسانی حکوومەتی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەمەڕ ئەم نەخۆشییە دەبوێرن.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەندین حەوتووی ڕابردوودا نەخۆشی "کەڕووی ڕەش" لە شاری سنە بڵاو بووەتەوە و نەبوونی دەرمان لە دەرمانخانەکان یەکێک لە کێشە گەورەکانی  تایبەت بەم حاڵەتەیە و خەڵک ناتوانن دەرمانی ئەم نەخۆشییە دەست بخەن و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لانیکەم سێ کەس لە نەخۆشەکان کوێر بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند:" ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی کەڕووی ڕەش بوون لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانە ڕاگیراون و لە ئێستا ١١ نەخۆش لەم بەشە خەوێندراون".

ئەم ئامارە لە حاڵێدایە کە تەنها ٧ بەشی نەخۆشخانەی کەوسەر تایبەت کراوە بە نەخۆشانی کۆڕۆنا و کەڕووی ڕەش و نەخۆشخانەی"تەوحید"ی شاری سنە بە تەواوەتی تایبەت کراوەن بە نەخۆشانی کۆڕنا و کەڕووی ڕەش. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاوم ژمارەی ئەو نەخۆشانەی تووشی کەڕووی ڕەش بوون و لە نەخۆشخانەی تەوحید خەوێندراون دەگاتە ٤٠ کەس. بەم حاڵەش سەرچاوە حکوومەتی ڕایانگەیاندووە ٩ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی کۆڕۆنا لە شاری سنە هەیە.

 

بە وتەی سەرچاوەیەک کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ٣ نەخۆش بە هۆی لێکەوتەکانی ئەم نەخۆشییەوە سۆمای چاویان لەدەست داوە و لە دوایین حاڵەتدا ژنێک بە ناوی " وەسەت عەبدولمەلەکی فەهد" بووە کە دوای لە دەستدانی سۆمای چاوی  گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری تاران.

بە وتەی یەکێک لە کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی کەوسەر، ئەم نەخۆشخانە تەنها یەک ڕۆژ دەرمانی تایبەت بە کەڕووی ڕەشی هەبووە و لە ئێستا نەخۆشەکان هیچ دەرمانێکی تایبەت وەرناگرن و تەنها لە نەخۆشخانە ڕاگیراون و دەرمانی تایبەت لە هیچکام لە نەخۆشخانەکان دەست ناکەوێت و ئەم حاڵەتەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی پزیشکەکانی نەخۆشخانە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم نەخۆشانە کە ژێرچاوەدێری پزیشکیدایە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: بەداخەوە دەرمانی کەڕووی ڕەش لە نەخۆشخانە دەست ناکەوێت و لە بازاڕی ڕەش ئەم دەرمانە دەست دەکەوێت کە بۆ رێژەی یەک رۆژ دەرمان بڕی ٤٢ میلیۆن تمەن پارە پێویستە".

زانیارییەکانی هەنگاو دەری دەخات کە سەرەڕایی بڵاوبوونەوەی زۆری نەخۆشی کەڕووی ڕەش، بەرپرسانی حکوومەتی بە هۆکاری ئەمنی نایانهەوێت هۆشداری بە هاووڵاتیان بدرێت و لە بڵاوبوونەوەی هەرجۆرە زانیارییەک خۆیان دەبوێرن.

کەڕووی ڕەش نەخۆشییەکی مەترسیداری و نەگوازراوە کە دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڤید ١٩ لە دنیادا، بڵاوبوونەوەی پەرەی سەندووە. "چڵکی موکورمایکوزیس"  یا "کەڕووی ڕەش" لە چاو، لووت، سی و هەندێکجار لە مێشک و سەر تەشەنە دەکات و زیانیان پێدەگەینێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە