ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی پێنجەمین ساڵی دامەزرانی

مافە نێودەوڵەتییەکان یا مافە بنەرەتییەکانی مرۆڤ بریتین لە کۆمەڵە ئیمتیازێک کە بە سەرنجدان بە شان و شکۆ و پلە و پێگەی مرۆڤ دەستنی

١٦ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٢٢:٤٧

 

مافە نێودەوڵەتییەکان یا مافە بنەرەتییەکانی مرۆڤ بریتین لە کۆمەڵە ئیمتیازێک کە بە سەرنجدان بە شان و شکۆ و پلە و پێگەی مرۆڤ دەستنیشان کراون. فەلسەفەی هەبوونی مافی نێودەوڵەتیی مرۆڤ، بەرز کردنەوەی شکۆی ئەم مافانەیە بۆ ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنەکانی ئەو مافانە لە سەرانسەری جیهاندا، هەموو کەسەکان بە شێوەیەکی یەکسان بەهرەیان لێ وەرگرن. بە وتەیەکی دیکە مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ، بریتین لەو کۆمەڵە چوارچێوە یاسایییە نێودەوڵەتییەی کە کۆمەڵێک ماف و ئیمتیاز بۆ مرۆڤەکان لە ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا لە خۆی دەگرێ.

حکوومەتەکان وەک ئەکتەری سەرەکیی مافە نێودەوڵەتییەکان، سەرەکیترین و گرینگترین لایەنەکانی جێبەجێ کردن، ڕێز لێ گرتن و پەرەپێدانی پابەندییە جەهانگیرەکانی مافی مرۆڤن و سەرەڕای ئەوەش هاوکات حکوومەتەکان وەک گەورەترین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دێنە ئەژمار. لە سەرەوەی حکوومەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤیش کۆماری ئیسلامیی ئێران جێی گرتووە کە هەموو کات لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا لە ڕیزی ناوزڕاوترین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگای جیهانیدا جێی گرتووە.

پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، منداڵان، یەکێتییە کرێکاری و پیشەیییەکان، لەسێدارەدانی سەرەڕۆیانە، ڕێز نەگرتن لە ئازادیی بیروڕا و ڕادەربرینی کەمینە ئایینییەکان، بە فەرمی نەناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەشداریی سیاسیی کەمینە نەتەوەیی/ئەتنیکییەکان و .... بەردەوام لە سیاسەتی فەرمیی ئەم وڵاتەدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. ماف و ئیمتیازەکانی کەمینەکان، بە هۆی کەمینەبوونیانەوە زیاترە لەو مافەی کە هەموو مرۆڤەکان بە گشتی و لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکاندا هەیانە. هەر بەم هۆیەشەوە گەلێک بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پاراستن و لەبەرچاوگرتنی مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە لایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە پەسند کراوە. بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای پابەندبوونی بەم بەڵێننامانە، هەموو کات پێشێلکاری ئەم مافە بنەڕەتییانە بووە. هەر بۆیەش پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بە چاوەدێریکردنی ورد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پێشێلکرانی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاگادار بکەنەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرک و ڕاسپاردە مافی مرۆڤییە، ئێمە وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەوڵمان داوە بە پشتبەستن بە بنەما جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و بە لەبەرچاوگرتنی ئەخلاقی پیشەیی هەمووکات چاودێرێکی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بین.

ئێمە پێمان وایە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە گشتی پێشێلکەری مافە مرۆڤییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی ئێرانە. سەرەڕای ئەوەش بە توندی جەخت دەکەینەوە کە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلام و شەڕی کوردستانەوە هەموو کات بە شێوەی سیستەماتیک و بەردەوام، بەڕێوەچووە.

بەردەوام بوونی کەلتووری سزانەدان و نەبوونی سەروەریی یاسا لە کوردستان بەرانبەر بە کوشتاری ڕۆژانەی کۆڵبەران و لەسێدارەدانی لەڕادەبەدەری بەندکراوانی سیاسی، نەبوونی دادوەرییەکی بەویژدان و دەزگای دادوەریی سەربەخۆ و بە دوور لە دەستوەردانی دامەرزراوە ئەمنییەکان، هەموویان سەلمێنەری ئەو بابەتەن.

هەنگاو لە پەنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی خۆیدا، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی کارەساتباری مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان دووبارە دەکاتەوە و داوا لە ڕێکخراوە و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات سەرنجێکی تایبەت بدەنە پێشێلکرانی ئاشکرا و سیستەماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستان.

لە کۆتاییدا پێویستە جەخت بکەینەوە کە مەبەستمان لە کوردستان تەنیا پارێزگای کوردستان لە چوارچێوەی دابەشکارییە ئیدارییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نییە، بەڵکوو مەبەست سەرجەم ئەو خاکەیە کە لە ڕووی مێژووی و جوگرافیایییەوە ناوی کوردستانە.

لێژنەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢١
٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە