ژاکان باران مانی لە خواردن گرتووە

٨ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١١:١٩

 

هەنگاو: ژاکان باران شاعیری خاوەن پێداویستی تایبەت کە ماوەی ١٠ رۆژە لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراوە، مانی لە خواردن گرتووە.

بە پێی هەواڵی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەلکشایی ئیلام ڕۆژی سێ شەممە (٢٨ی رەشەمە ٢٧١٨/ ١٩ی مارسی ٢٠١٩) هێرشیان کردووەتە سەر ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەو شارە و ڕێگریان لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژاکان باران شاعیری خاوەن پێداویستی تایبەت و چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی ناسراوی ئەو شارە، دوای ناڕەزایەتی دەربرین بە هەڵسووکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا وتی کە ژاکان باران بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە مانەوەی لە دەستبەسەرگە مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتندایە.

حوسین باقری بە نازناوی ناوی ژاکان باران، شاعیر و چالاکی فەرهەنگی خەڵکی ئیلامە کە سەڕەڕایی ئەوەی کە کەم ئەندام وخاوەن پێداویستیی تایبەتە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ ودەستبەسەر کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە