ئیلام؛ محەممەد عەباسزادە هونەرمەندی کورد بە هۆکاری بەشداری کردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەستبەسەر کرا

محەممەد عەباسزادە هونەرمەندی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە سزای بەندکرانی بەسەردا سە

٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢١:٠٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

محەممەد عەباسزادە هونەرمەندی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو، بە هۆکاری بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٤)، محەممەد عەباسزادە، هونەرمەندی تەمەن ٣٥ ساڵە و خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەیەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەم هونەرمەندە کوردە دوای گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شۆهانی مەلەکشای لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە. تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە بەردەست نییە.

شایەنی باسە کە، محەممەد عەباسزادە دوای خوێندنی سروودی "ژن ژیان ئازادی" ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کراو و ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئەم هونەرمەندە لە خەزەڵوەری ٢٧٢١، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی و لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیلام بە هۆکاری خوێندنی ئەم سروودە بە دوو ساڵ بەندکران سزا درابوو کە ئەم سزایە لەلایەن دادگاوە گۆڕا بۆ ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراو، دوو ساڵ قەدەغە کردنی چوونە دەرەوەی لە ئێران، پێبژاردنی بڕە پارەیەک.

محەممەدد عەباسزادە مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئیلام بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە" بە ڕەخنە گرتن لە هێرشە کیمیایەکان بۆ سەر قوتابخانەکان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە یەک ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٢٤ ملیۆن تمەن سزا درا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە