سامان یاسین هونەرمەند و ڕاپەری کورد سزای پێنج ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ کرمانی بەسەردا سەپێندرا

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٥١

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سامان یاسین هونەرمەند و ڕاپەری کورد و خەڵکی کرماشان و  لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای کرمانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم هونەرمەندە نزیک بە ١٩ مانگی ڕابردوو بە بێ کەڵکوەرگرن لە مافی مەرەخەسی سەرەڕایی تووشبوون بە نەخۆشی لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سامان یاسین هونەرمەندی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیانی ئازادی لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە دادوەری (عەمووزادە) سزای پێنج ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی شاری بابەک سەر بە پارێزگای کرمانیبەسەردا سەپێندراوە.

دانیشتنی دادگا بە مەبستی پێراگەیشتنی بە دۆسیەی سامان یاسین لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و سزاکەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ بە پارێزەکەی ڕاگەیەندراوە.

دانیشتنی دادگای ئەم هونەرمەندە کورد دەیان جار بە بیانووی جۆراوجۆر دواخراوە و بە پێی هەواڵێکە باوکی سامان یاسین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە کۆتا دانیشتنی دادگای ئەم هونەرمەندە ڕۆژی چوارەممە ٢٩ی خاکەلێوە ٢٧٢٤ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤) بەرێوەچووە.

ئەم هونەرمەندە پێشتر نزیک لە بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی، جەختیکردبووە کە: پارێزەرەکان و هەواڵنێرەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەم دادگایە ئامادە بن داواکاری ئامادە بوونیان خۆیان بە زووترین کات، بە نووسراوی بۆ دادوەر سەڵەواتی و کاربەدەستان و دیوان بنێرن.

سامان یاسین وتبووی کە ڕەتکردنەوەی چەند جارەی دادگای ناوبراو و هەروەها سەرپێچی لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، کارێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانجی ئەوە دەکرێ کە "جەستە و دەروونی تێک بدەن".

سامان یاسین ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە بەندیخانەی ڕەجاییشار بەپەلە لەگەڵ هەندێک لە بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندی هەشتی بەندیخانەی ئەوین گواسترانەوە و دواتر، لە ١٢ی خەرمانان بۆ بەندیخانەی قەزلحەساری کەرەج گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ٢٩ی گەلاوێژی ئەم ساڵ، بەبێ ئاگاداری و بەبێ کەلوپەلە تایبەتیەکانی خۆی لە بەشی ٣ی بەندیخانەی قەزەلحەساری کەرەج بۆ شوێنی بەندکراوانی تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە گواسترایەوە.

ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بە لە سێدارەدران سزا درا. ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پێشێڵ کراوە و دۆسیەکەی ناوبراو بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بۆ لقی هاوتەریبی خۆی نێردراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەڕ و ئاوازدانەری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خۆپیشاندانە جەمارییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە