نیگەرانیی جددیی هەنگاو لە وردەکارییە نوێیەکانی سزای بەندکرانی سامان یاسین

٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٣٣

هەنگاو دووشەممە، ٤ی بانەمەری ٢٧٢٤

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، سامان یاسین گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای پێنج ساڵ بەندکران و نفی بلدی بەسەردا سەپێندرا. ئەو هونەرمەندە ٥٦٨ ڕۆژی ڕابردووی (١٩ مانگ) بەبێ کەڵکوەرگرتن لە مافی مەرەخەسی و سەرەڕای نەخۆشی بە دەستبەسەربوون تێپەڕ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سامان یاسین هونەرمەندی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدڕەزا عەمووزاد سزای ٥ ساڵ بەندکران و» نفی بلد» لە بەندیخانەی شاری بابەکی کرمانی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە میدیایی کردنەوەی هەواڵی سزای دوورخستنەوەی سامان یاسین کە لەلایەن پارێزەری دیاریکراوی دادگاوە بە ئەنقەست بەشێوەیەکی ناڕوون و سەقەت بڵاوکرابۆوە، بەڵگەیەک بە دەستی هەنگاو گەیشتووە کە نیشان دەدات، سامان یاسین هونەرمەند و بەندکراوی سیاسیی کورد، نە تەنیا سزای ٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ شاری بابەکی پارێزگای کرمانی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵکوو لە سزاکەیدا بەڕوونی سزای نفی بلد بە مانای هەڵسوکەوت نەکردن لەگەڵ خەڵکدا هاتووە و ترسی ئەوە لەئارادایە کە ئەو سزایە بە مانای تێپەڕکردنی ماوەی بەندکرانی سامان یاسین لە ژووری تاکەکەسی و بەبێ مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێت.

هەنگاو لەسەر ئەو بڕوایە کە حوسێن سەرتیپی پارێزەری سامان یاسین بە ئامانجی کەمکردنەوەی گوشارەکانی بیروڕای گشتی و هەستیاری سەبارەت بە دۆسیەی سامان یاسین و بەئامانجی پاککردنەوەی دادگا شانۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست، سزای سەپێندراوی ناوبراوی بە دوورخستنەوە ڕاگەیاندووە لەحاڵێکدا کە سزای ٥ ساڵ بەندکران لە شاربەدەریدایە. هەنگاو ئەو کردووەی پارێزەرە دیاریکراوەکەی دادگا بە بەشێک لە سیاسەتی گشتیی دەزگای ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی و نیشانەیەک لە خیانەت لە مافی سامان یاسین و پێشێلکردنی سوێندی پارێزەر دەزانێت کە سزاکەی هەڵوەشاندنەوەی مۆلەتی پارێزەرییە.

شایەنی باسە کە پارێزەری دیاریکراو لەلایەن دادگاوە بۆ تۆمەتبار هەڵدەبژێردرێت و تۆمەتبار بۆ خۆی ڕۆڵێکی لە هەڵبژاردنیدا نییە هەر بەو هۆیەوە پارەی پارێزەکە بەجێی تۆمەتبار، دەزگای دادوەری دەیدات. لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، چەندین پارێزەری دیاریکراو بەجێی داکۆکی لە مافی بەندکراوان و بەجێ هێنانی ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی خۆیان، بەندکراوەنەیان سزا داوە و ڕۆڵێ لێپرسیان بەجێ هێناوە.

دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو هونەرمەندە لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ئەوساڵ بەڕێوەچوو و ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ ئەو سزایە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا. هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەدا، ئیزنی چوونەژوورەوە بۆ دادگایان بە بنەماڵەی سەیدی نەداوە و لە کۆتایی دانیشتنەکەدا لەنێوان هێزە ئەمنییەکان لو سامان یاسین تێکهەڵچوون ڕوویداوە و ناوبراو لە لایەن ئەو هێزانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان.

ئەم هونەرمەندە پێشتر نزیک لە بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی، جەختیکردبووە کە: پارێزەرەکان و هەواڵنێرەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەم دادگایە ئامادە بن داواکاری ئامادە بوونیان خۆیان بە زووترین کات، بە نووسراوی بۆ دادوەر سەڵەواتی و کاربەدەستان و دیوان بنێرن.

سامان یاسین وتبووی کە ڕەتکردنەوەی چەند جارەی دادگای ناوبراو و هەروەها سەرپێچی لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، کارێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانجی ئەوە دەکرێ کە "جەستە و دەروونی تێک بدەن".

سامان یاسین ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە بەندیخانەی ڕەجاییشار بەپەلە لەگەڵ هەندێک لە بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندی هەشتی بەندیخانەی ئەوین گواسترانەوە و دواتر، لە ١٢ی خەرمانان بۆ بەندیخانەی قەزلحەساری کەرەج گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ٢٩ی گەلاوێژی ئەم ساڵ، بەبێ ئاگاداری و بەبێ کەلوپەلە تایبەتیەکانی خۆی لە بەشی ٣ی بەندیخانەی قەزەلحەساری کەرەج بۆ شوێنی بەندکراوانی تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە گواسترایەوە.

ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بە لە سێدارەدران سزا درا. ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پێشێڵ کراوە و دۆسیەکەی ناوبراو بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بۆ لقی هاوتەریبی خۆی نێردراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەڕ و ئاوازدانەری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خۆپیشاندانە جەمارییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە