کارشکێنی بەرپرسانی ئەمنیەتی و ئازاد نەکردنی زارا محەمەدی

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی نزیک دوو حەفتە لە دەستبەسەر کرانی زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، بە

١٤ جۆزەردان ٢٧١٩، ١٤:٢٤

 

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی نزیک دوو حەفتە لە دەستبەسەر کرانی زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، بە هۆی کارشکێنی بەرپرسانی ئەمنیەتییەوە ناوبراو هێشتا دەستبەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی زارا محەمەدی و بەڵێنی بەرپرسانی ئەمنی بە نیسبەت دادگایی کردن و ئازاد کردنی ناوبراو لە سەرەتای ئەم حەفتەیە، ناوبراو هێشتا ئازاد نەکراوە.

بنەماڵەی زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممەی حەفتەی ڕابردوو (٩ی جۆزەردانی ٢٧١٩ / ٣٠ی مەی ٢٠١٩)،توانیبوویان پاش ٨ ڕۆژ بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لەگەڵ ڕۆڵەکەیان دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبێت.

لەو دانیشتنەدا بەرپرسانی ئەمنی بەڵێنییان بە بنەماڵەی زارا دابوو کە سەرەتای حەفتەی داهاتوو ناوبراو دادگایی و پاشان ئازاد بکرێت، بەڵام هەتا ئێستا ئازاد نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، چالاکانی مەدەنی ئەمشەو کاتژمیر ١٠ بەکاتی تاران، بە نێشانەی ناڕەزایەتی بە ئازاد نەکردنی زارا محەمەدی، گەردەلوولێکی تویتەری بەڕێوە دەبن و پشتیوانی خۆیان لە ناوبراو ڕادەگەین.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە (٢ی جۆزەردان/ ٢٣ی مەی) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران.

زارا محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانلۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی وەژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە