کوژران و بریندار بوونی سێ کۆڵبەر لە سنووری نەوسود و مەریوان

هەنگاو: لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر کاروانی کۆڵبەران لە دوو سنوری جیاواز، لانیکەم دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە.

١٣ پووشپەڕ ٢٧١٩، ٠٠:١٠

 

هەنگاو: لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر کاروانی کۆڵبەران لە دوو سنوری جیاواز، لانیکەم دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە (١٢ی پووشپەڕی ٢٧١٩/ ٣ی ژوئەنی ٢٠١٩)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کوێستانی ”نەڵکەمین” لە نزیک ئاوایی هانەگەرمەڵە لە شاری نۆدەشە، تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەران کردوە و کۆڵبەرێکی ئەو ئاواییە کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی بریندار کراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە نۆدشە ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی”گۆران عەزیززادە”  تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیاندووە کە تەرمەکەی لە دەرمانگای شاری نۆدشە ڕاگیراوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ”ئەسیر شاپەسەندی” بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی شاری پاوە لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

لەلایەکی دیکەوە و هاوکات لە بەرزاییەکانی تەتە، هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێکیان داوەتە بەر دەسترێژ و لە ئاکامدا گیانی لەدەست داوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کە خەڵکی مەریوان بووە  بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی "محەمەد ئاوازە" لە سنووری قەندۆڵی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە