کوژران و بریندار بوونی سێ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی بانە و سەردەشت

هەنگاو: لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە و سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەران کردوە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە و

٢٣ جۆزەردان ٢٧١٩، ١٩:٣٣

 

هەنگاو: لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە و سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەران کردوە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (٢٣ی جۆزەردانی ٢٧١٩/ ١٣ی ژوئەنی ٢٠١٩) هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گوندی زڵێی بانە تەقەیان لە کاسبکارێک کردووە و لە ناو باخەکەی خۆیدا کوشتوویانە.

هەواڵنێری هەنگاو لە بانە، ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی”محەممەد حۆسێن نزادە” تەمەن ٣٣ ساڵ و کوڕی عوسمان ڕاگەیاندووە.  سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە محەمەد خاوەن بار بووە و هێزەکانی سپای پاسداران لە ناو باخەکەی خۆیدا دوای ئەوەی بێ ڕێزییان پێکردووە داویانەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە مەودای چەند مەتری کوشتوویانە.

ئەو کاسبکارە لاوە خەڵکی ئاوای زڵێ بووە و خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

هەروەها ئێوارە سێشەممە (٢١ی جۆزەردانی/ ١١ی ژوئەنی) هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەران کردوە کۆلبەرێک بریندار کراوە.

دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو، دەرکەوت ، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێران، کۆڵبەریک خەڵکی ئاوایی”بوبانیە”ی سەردەشت بە ناوی عەبدوڵڵا  کوڕی محەمەد خاڵوەیسە بریندار کراوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە عەبدووڵڵا بە دوو فیشەک پێکراوە و یەکێک لە فیشەکەکان بەر گورچیلەی کەوتووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی خدر لە کاتی هەڵاتن دوای تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە هەڵدێرێک کەوتووەتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە