کوژران و بریندار بوونی سێ کۆڵبەری دیکە لە کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ماکۆ، شنۆ و نۆدشە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون یان بریندار کراون.

٢١ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١١:١١

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ماکۆ، شنۆ و نۆدشە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون یان بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١١ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی گوندی کانی ڕەشی شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکاران کردووە و کۆڵبەرێک گیانی لە دەست داوە.

ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە گیانی لە دەست داوە ”سەعید حەسەنپوور“ تەمەن ٤٤ ڕاگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ١٩ی گەلاوێژ (١٠ی ئاگۆست)، کۆڵبەرێکی خەڵکی نۆدشە بە ناوی ”مێهدی مونفەردی“لەلایەن هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای دزاوەر پێکراوە.

هەروەها، حەفتەی ڕابردووش کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی ماکۆ بە ناوی ”ڕەسووڵ چیلان“ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دراوەتە بەر دەستڕیژی گوللە و شان و پشتی بریندار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٨ کۆڵبەری دیکەش بریندر کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە