کوژران و بریندار بوونی چەندین کۆڵبەر لە سنووری سەردەشت

هەنگاو: بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران چەند کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کوژران و بریندار بوون.

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٥:٠٧


هەنگاو: بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران چەند کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کوژران و بریندار بوون.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠( ٦ی ژوئێنی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت دەستەیەک کۆڵبەریان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و کۆڵبەرێکیان بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا و چەند کۆڵبەریش بریندار بوون.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند ئەو کۆڵبەرەی کە گیانی لە دەست داوە ناوی " عومەر مەسڵەحەتی" و خەڵکی گوندی " بێلووکە"یە و لانیکەم سێ کۆڵبەریش بریندار بوون. شوناسی دوو کۆڵبەریان کە بۆ هەنگاو روون بۆتەوە برێتین لە " عەبدولرەحمان شەقایەقی" و " ئومید کووشیار". شوناسی ئەو کۆڵبەرەی دیکە تا ئێستا بۆ هەنگاو روون نەبۆتەوە.


سەرچاوەکانی ئاگادار لەو ناوچەیە رایانگەیاند کە لەوانەیە ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە بریندار بوون زیاتر بێت.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ئەمساڵ، ١٢ کۆڵبەر کوژراون و ٢٤ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون کە ٩١.٥٪ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە