سەقز؛ کۆڵبەرێک لە مەودای نزیکەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٩:١٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی هێمن ئەحمەدی کە باوکی منداڵێکی ٨ ساڵانە، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بسام لە مەودای نزیکەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەی لێ کراوە و کوژرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤) کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی (کارێزە) بە ناوی هێمن ئەحمەدی تەمەن ٤٥ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بسامی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم کۆڵبەرە لە مەودای یەک مەتری و بە چەکی کڵاشینکۆف تەقە لە سک و نزیک دڵی کراوە.

هێمن ئەحمەدی خێزاندار و باوکی کچێکی تەمەن ٨ ساڵ بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤، لانی کەم ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژران و ٣٣ کۆڵبەر بریندار کراون کە ٩٢٪ی ئەم حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە