کوژرانی دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کورد کە لە کۆچەرییەکانی کرماشان بوون زستانی ئەمساڵ لە دوو ناوچەی جیادا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی

٢٠ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٩:٣٣

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کورد کە لە کۆچەرییەکانی کرماشان بوون زستانی ئەمساڵ لە دوو ناوچەی جیادا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و هەواڵەکەیان میدیایی نەبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢١) ٢٢ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، هاووڵاتییەک بە ناوی فەرهاد شەکەری تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی بەخشی مایەشتی کرماشان، لە نزیک شەقامی تێرمیناڵی شاباد لەنێو شاری کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕۆژە فەرهاد شەکەری لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی دەمەقاڵەیان بووە و کاتێک بەردیان خستووە بۆ یەکتری بەردێک لە ئۆتۆمبێلی یەکێک لە دادوەرەکانی دەزگای دادی داوە. ئەو دادوەرە دەستبەجێ هێزە ئینتزامییەکانی ئاگادار کردووەتەوە داوای کردووە کە ناوبراو سزا بدرێت و هێزە ئینتزامییەکان لەوێ بێ هیچ هۆکارێک فەرهادیان داوەتە بەر دەستڕێژ و سێ گوللەیان لێداوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە هەواڵنێری هەنگاوی وت: تەرمی فەرهاد شەکەری کە خێزاندار بووە، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندان لە گۆڕستانی زێدەکەی واتە گوندی «مراپاشای» ی مایەشت ئەسپەردە کراوە.

لە لایەکی ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٨ی ژانویەی ٢٠٢٢)، یەکێک کۆچەرییەک بە ناوی کامبیز حەیدەری تەمەن ٤٠ ساڵ لە ناوچە سنوورییەکانی سوومار سەر بە شاری قەسری شیرین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەرتەشی ئێران کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «کامبیز حەیدەری لە مەودای یەک کیلۆمەتری سنوور دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە، بەڵام هێزەکانی ئەرتەش بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەو کارەی خۆیان بهێننەوە تەرمی ناوبراویان بردووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

کامبیز حەیدەری خێزاندار، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری شاباد (ئیسلام ئاوا) بووە.

دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەرکەوتووە کە سکاڵای بنەماڵەی ئەم دوو کەسە لە ناوەندە ئەمنییەکان هەتا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و دەزگای داد هیچ هاوکارییەکی ئەو بنەماڵانەی نەکردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە