کوژرانی کۆڵبەرێک لە سنووری مەریوان و برینداربوونی کۆڵبەرێک لە نەوسوود

هەنگاو: کۆڵبەرێک لە سەر سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە لە سەر سنووری شاری نەوس

١٧ خەرمانان ٢٧٢١، ٠٣:٣٠

 

هەنگاو: کۆڵبەرێک لە سەر سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە لە سەر سنووری شاری نەوسوود بە هۆی بەربوونەوە بە سەختی بریندار بوو.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٨ی سێپتامبری ٢٠٢١)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری مەریوان تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "سیروان گوڵزاری" خەڵکی گوندی "جەژنی‌ئاوا" کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیروان گوڵزاری تەمەن ٣٩ ساڵ و باوکی ٢ منداڵ بووە و لە سنووری قوڵقولە تەقەی لێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٧ی سێپتامبری ٢٠٢١) کۆڵبەرێکی تەمەن ٥١ ساڵ بە ناوی "حوسێن سەلەکانی" خەڵکی گوندی شوانکارەی سەر بە شاری ڕوانسەر لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە هۆی بەربوونەوە لە هەلدێرێکەوە بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، ئەم کۆڵبەرە سەری بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان و نەشتەرگەری تایبەتی بۆ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە