کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری سەردەشت

هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و بەمەش لەماوەی حەوتوویەکدا ٤ کۆڵبەر کوژراون.

٢٧ خەرمانان ٢٧٢١، ٢١:٤٩

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و بەمەش لەماوەی حەوتوویەکدا ٤ کۆڵبەر کوژراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆتایی شەوی شەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٨ی سێپتامبری ٢٠٢١)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری دۆڵەبی سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە سەردەشت ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی ئومید محەمەدزاده تەمەن ٣٩ ساڵ ڕاگەیاندووە کە خەڵکی گوندی گڕوەیس و دانیشتووی شارۆچکەی ڕەبەت بووە. ئومید گوللەیەک بەر کەلکەی کەوتووە و بە هۆی خوێنڕێژی گیانی لە دەست داوە.

ئومید محەمەدزاده خێزاندار و باوکی سێ منداڵی ١٢، ٧ و ٥ ساڵانە و تەرمەکەی هێشتا لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی سەردەشت، بانە و نەوسوود گیانیان لە دەست داوە کە سێ کەسێان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە