ئیرەج محەمەدی لەلایەن ئیتلاعاتی میاندواوەوە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: ئیرەج محەمەدی بەندکراوی سیاسی پێشوو کە هاوینی ئەمساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، دیسان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواوەوە دەستبەسەر کراوە.

٢٤ بەفرانبار ٢٧١٨، ١٢:٢٥

 

هەنگاو: ئیرەج محەمەدی بەندکراوی سیاسی پێشوو کە هاوینی ئەمساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، دیسان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواوەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیرەج محەمەدی بەندکراوی سیاسی پێشوو کە خەڵکی میاندواو سەر بە پارێزگای ئورمیەیە، ڕۆژی یک شەممە (٢٣ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ١٣ی ژانویەی ٢٠١٩) دوای ئەوەی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە، دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئیرەج محەمەدی دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجام دراوە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە ئیدارەی ئیتلاعات بە ”محەمەد“ باوکی ئیرەجیان وتووە کە هەتا حەفتەیەکی دیکە پەیگیری چارەنووسی کوڕەکەت مەبە و ئەمەش نیگرانی لای ئەوان دروست کردووە.

ئیرەج محەمەدی لە ڕێگەوتی یەکی ڕەزبەی ١٣٨٦ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ محەمەد ئەمین ئاگووشی و ئەحمەد پولادخانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی هاوکار و سیخوڕی بۆ هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کرابوون.

ئەو سێ کەسە پاش سێ ساڵ و لە ساڵی ١٣٨٩ هەر بە و تۆمەتە هەر کامەیان حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

ئیرەج محەمەدی و محەمەد ئەمین ئاگووشی لە دە ساڵ ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئورمیە، زاهیدان و تەورێز ڕاگیرابوون و گەلاوێژ (هاوین)ی ئەمساڵ دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە