شنۆ؛ حەوت کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دوای ١٨ مانگ بەندکران لە تۆمەتی "موحاربە" بێبەریکران
کاروان شاهیپەروانە، فەریاد حەمزەشور، فەرزاد مەحموودپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و فەرزاد
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
کاروان شاهیپەروانە، فەریاد حەمزەشور، فەرزاد مەحموودپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و فەرزاد تەهازادە و فەرهاد تەهازادە دوای تێپەڕبوونی ماوەی نزیک یەک ساڵ و نیو دەستبەسەربوون، لە تۆمەتی"موحاربە" بێبەریکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا کاروان شاهیپەروانە، فەریاد حەمزەشور، فەرزاد مەحموودپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و دوو برا بەناوەکانی فەرزاد و فەرهاد تەهازادە لە دوایین کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە لە تۆمەتی "موحاربە" بێبەریکران.
دوایین دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ڕەزا ئیسلام دووست، فەرزاد تەهازادە، شەهرام مەعرووف مەولا، کاروان شاهیپەروانە، فەریاد حەمزەشور، فەرزاد مەحموودپوور ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٦ی مارسی ٢٠٢٤)، لە دادگای شۆڕشی ئورمیە بەڕێوەچوو.
هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە، تەواوی کۆبوونەوەکانی لێپرسینەوە لەسەر تۆمەتەکانی ئەو بەندکراوانە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچووە و ڕێگەیان نەداوە پارێزەرەکان لە خانەی داد حازر بن.
ئەو بەندکراوانە، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە موحاربە تۆمەتبار کرابوون و لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا بەردەوام لەژیر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بوون. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو بەندکراوانە چەندین جار لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی "شانۆی لەسیدارە دران" داندراون.
ئەو شەش هاووڵاتییە، ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری شنۆ دەستبەسەرکران و دوای لێپرسینەوە بە بەکارهێنانی ئەشکەنجەوە، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گواسترانەوە.