پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسی کورد

هەنگاو؛ شەممە ۹ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵
سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی چالدێران کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا بەند کراوە، لە لایەن دیوانی باڵای دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسی تەمەن ۴۰ ساڵی کورد و خەڵکی گوندی "سەگریک"ی سەر بە شاری چالدێران کە ۷۱۶ ڕۆژی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە، لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزا ڕۆژی چوارشەممە ۶ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۲۶ی مارسی ۲۰۲۵)، بەشێوەی فەرمی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕاگەیێندراوە.
ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پکک) بەبێ نیشاندانی بەڵگەی پێویست و تەنیا بە "زانستی دادوەر" لە دادگایەکی چەند خولەکیدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ماوەیەک دواتر له مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا، دۆسیەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕەوانەی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا.
هەنگاو پێشتر بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو ڕایگەیاندبوو، ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا و تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا داندراوە و لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی چاوپێکەوتن بێبەش کراوە و تەنیا دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە.
ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی سەبارەت بە بەشداریکردن لە چالاکییەکی چەکداری دژ بە هێزە پاسەوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە کوژرانی لانی کەم ٨ کەس لەو هێزانەی لێ کەوتووەتەوە.
دادگا لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە مستەفا نووری، برای هاوژینی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ساڵی ٢٧١٥ لە کاتی کۆڵبەری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە، و ناوبراو بە بیانووی "تۆڵەکردنەوە" دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکیی چەکداری کردووە.
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە سنووری چالدێران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەگەڵ چەند هاووڵاتیی ئەفغانستانی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە چاڵدران گواسترایەوە و بە هۆی حوکمی دەستبەسەرکردنی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات داواکاری ناوبراو بۆ دانانی بارمتە ڕەت کرایەوە و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ئورمیە گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە کۆتاییدا سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە و تا ئێستاش لەو بەندەدا ڕاگیراوە.