ئایهان ئیبراهیمی عەلیکانی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

١٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٢:٣٦

هەنگاو؛ دووشەممە  ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ئایهان ئیبراهیمی عەلیکانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیە و خوێندکاری پەرستاری لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی گیلان، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە کۆی گشتی سزای ٦ ساڵ بەندکران بەسەریدا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەتای مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٤، ئایهان ئیبراهیمی عەلیکانی تەمەن ٢٨ ساڵ، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر بەرزکار و نەجەفزادە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ٦ ساڵ بەندکران بە ژماردنی ماوەی دەستبەسەرکردنی بە سەریدا سەپێنرا.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، ئایهان ئیبراهیمی عەلیکانی بە بەکارهێنانی هەشتەگی "ژن، ژیان، ئازادی" و ئەندامێتی لە گرووپێک بە ناوی "ستادی چەکداری گەل" تۆمەتبار کراوە، کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر چالاکییەکی و تەنانەت بوونی ئەو گرووپە لە دەستدا نییە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر هەر زانیارییەک سەبارەت بە گرتن و دادگایی کردنی کوڕەکەیان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە کردووە.

شایانی باسە کە، ئایهان ئیبراهیمی عەلیکانی کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٨ی جولای ٢٠٢٤) لە ماڵی بنەماڵەیی لە ئورمیە بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا. هەواڵی دەستبەسەرکردنی تا ئێستا لە میدیاکان بڵاونەکرابوو.

ئایهان ئیبراهیمی عەلیکانی دوای ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی ئەمنیی بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە گواسترایەوە و دوایی بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی، بەشێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە