ئورمیە؛ سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ پێنجشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئاڵی و ئازاد شوجاعی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارە بەسەریاندا سەپێنرا. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ئێران لانی کەم ٧ بەندکراوی کورد لەسەر ئەو تۆمەتە لەسێدارە دراون و هەروەها چوار بەندکراویش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەسغەر جەهانگیری، وتەبێژی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، بە بێ ئاماژەدان بە ناسنامەی ئەو سێ بەندکراوە کوردە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئیدەعای کرد کە سێ کەس جگە لە "سیخوڕی" لەژێر ناوی قاچاخی مەشرووب، هەوڵی گواستنەوەی کەرەستەی تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە مەهابادی، جێگری پێشووی وەزیری بەرگری و یەکێک لە بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ناوکیی ئێرانیان داوە.
ئەم سێ بەندکراوە لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا بەڵام دوای ساڵێک و ڕاست چەند ڕۆژێک دوای هێرشە سەربازی و تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران، لەلایەن وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕاگەیەندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەریەک لە ئیدریس ئاڵی تەمەن ٣١ ساڵ و ئازاد شوجایی دوو کۆلبەر خەڵکی گوندی "دۆڵە گەرمە"ی سەر بە شاری سەردەشت کە هەردووکیان خێزاندارن و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد کاسبکار خەڵکی شاری سلێمانی لە ڕەزبەری ٢٧٢٣ (سێپتەمبەری ٢٠٢٣) دەستبەسەر کراون لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە دادوەریی شاهین بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" دادگایی کران و لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بە فەرمی سزای لەسێدارەدانیان بۆ ڕاگەیەندرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٣ (جوڵای ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترانەوە. ئەم سێ هاوڵاتییە کە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون، بۆ ماوەی ٨ مانگ لەم دەستبەسەرگە لەژێر توندترین ئەشکەنجەدا بوون و بە دانپێدانان زۆرەملێی و قبوڵکردنی تۆمەتەکانی وەپاڵدراو ناچارکران و دوای ٨ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترانەتەوە.
ئەسغەر جەهانگیری لە کۆنگرەی میدیایی خۆیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ئەم دۆسیەیەدا لانی کەم ٨ کەس دەستبەسەرکراون کە سێ کەسیان لە قۆناغی سەرەتاییدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٠)، هەنگاو هەواڵی دابوو کە هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە مەهابادی، شاری بانەیان گەمارۆ داوە و ماڵی خەڵکیان پشکنین کردووە و زیاتر لە ٢٠ کەسیان دەستبەسەر کردووە کە ئەو کاتە هەنگاو ناسنامەی ٩ کەسیانی بڵاوکردبوو.
موحسین فەخریزادە مەهابادی، یەکێک لە زانایانی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (نۆڤەمبەری ٢٠٢٠)، لە ناوچەی ئەبسەردی دەماوەند لە نزیک تاران تیرۆر کرا و دەسەڵاتدارانی ئێران لەو کاتەدا ئیسرائیلیان وەک ئەنجامدەری ئەم تیرۆرە ناساند.
سزای لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە کوردە لە کاتێکدایە کە لانی کەم ٧ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەدریانی، ڕەحمان پەرحازۆ، پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربەر و محەممەد فەرامەرزی بە بیانووی سیخوڕی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل لە بەندیخانەکانی ئورمیە و قزڵحیساری کەرەج لە سێدارە دران.
هەروەها جگە لەو سێ بەندکراوە کە یەکێکیان خەڵکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانە، بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی شاهین وەساف کە لە سەردەمی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەرکرابوو، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران ماڵی بازرگانانی کوردی لە شاری هۆلیر (هەولێر) ی پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هێرشی مووشەکی کردووەتە ئامانج لەم هێرشە مووشەکییەدا سەرۆکی کۆمەڵێک بازرگانانی ناوداری کوردستان لەگەڵ کچە ١١ مانگەکەی ژینا پێشڕەو و دوو هاووڵاتی دیکە کوژران.