بەندیخانەی ئورمیە؛ میحراب عەبدوڵڵازادە، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

٩ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٠:٤٨

هەنگاو؛ هەینی ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

میحراب عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا دەستبەسەر کراوە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوینی ئەمساڵ، میحراب عەبدوڵڵازادە، لاوی تەمەن ٢٦ ساڵی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، لە دۆسیەی میحراب عەبدوڵڵازادەدا، کوشتنی ئەندامێکی بەسیج دراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و بە تۆمەتی "بەغی" لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە دادگایی کراوە و ئەو سزایە ئاخرەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیاندراوە.

شایانی باسە کە، میحراب عەبدوڵڵازادە پاییزی ساڵی ٢٧٢٢ (پاییزی ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواسترایەوە. ناوبراو دوای چەند مانگ ئەشکەنجەدران و لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە و نزیکەی دوو حەفتە پێشتر بۆ بەندی سیاسیی ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە