سنە؛ عەلی ئەڵڵاوەیسی سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
عەلی ئەڵڵاوەیسی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی ئەڵڵاوەیسی، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مستەفا عەزیزی بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەردا بەڕێوە چوو و لە ئاکامدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر بە شێوەی فەرمی بەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندرا.
عەلی ئەڵڵاوەیسی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٤ی جولای ٢٠٢٤)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای ماوەیەک دەستبەسەرکران لە ئاکامدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و بە تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئازاد کراوە.