بانگکران و دەستبەسەرکرانی دووبارەی فەهیمە سوڵتانی چالاکی خوێندکاری لە ئیسفەهان

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٣:٥٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

فەهیمە سوڵتانی چالاکی خوێندکاریی خەڵکی ئیسفەهان بۆ جاری دووەم، دوای بانگکران بۆ ئیتلاعاتی سوپا لەو شارەدا دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو و سزای قەدەغەبوونی کاتیی درێژەدان بە خوێندنی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، فەهیمە سوڵتانی خوێندکاری بواری یاسای زانکۆی ئیسفەهان، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا لەو شارە، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی سوڵتانی، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە لەلایەن زانکۆی ئیسفەهانەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەکەی بانگکراوە کە بەهۆی ئەوەیکە پەیوەندییەکە لە کاتی ئیداریدا نەبووە نەڕۆیشتووەتە ئەو ناوەندە و دواتر بانگکراوەتە ئیتلاعاتی سوپای ئیسفەهان و دەستبەسەر کراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی سوڵتانی تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٢ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٢، فەهیمە سوڵتانی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە چوارباخی عەباسی ئیسفەهان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە. هەروەها ناوبراو مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لیژنەی ڕێکهێنانی زانکۆی ئیسفەهان، سزای قەدەغەکردنی کاتیی درێژەدان بە خوێندن بۆ ماوەی دوو و نیو تێرمی بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە