ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی هەشت ژن لە شارەکانی چەمستان، ئیسفەهان، ئیلام، دیواندەرە، تاران، مەشهەد و شیراز

٢٩ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٩:١٠

 

هەنگاو، چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

 

هەشت هاووڵاتیی ژن بە ناوەکانی ڕۆیا ڕەستگار، ئایدا ئیزەدی، سۆگەند نائیجی، حەدیس ئەڵماس‌پوور، ئیلاهە ڕەحمەتی، ساناز شا‌حوسێنی، نەجمە ئەمینی و مەهسا سەڵاح، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی چەمستان، ئیلام، دیواندەرە، ئیسفەهان، تاران، مەشهەد و شیراز دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان هاووڵاتیی کورد و دوو کەسیشیان مازەنیین.

دەستبەسەرکراوانی دیواندەرە

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، ئیلاهە ڕەحمەتی، خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

دەستبەسەرکراوانی شیراز

کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان (١٦ی فێبریوەری)، مەهسا سەڵاح، خەڵکی شیراز لە ماڵە تایبەتییەکەی خۆی لەو شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژێک دواتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی ڕاگرتنی نەکردووە.

دەستبەسەرکراوانی ئیلام

لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندان (٩ی فێبریوەری) حەدیس ئەڵماس‌پوور، ژنی گەنجی خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

دەستبەسەرکراوانی تاران

ساناز شا‌حوسێنیش لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباردا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە ئەکباتانی شاری تاران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئەوین گواستراوەتەوە.

دەستبەسەرکراوانی ئیسفەهان و مەشهەد

هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباردا، نەجمە ئەمینی، خوێندکاری تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی مەشهەد، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانویە) لە بازاڕی فیردەوسیی مەشهەد دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی وەکیلاوای ئەو شارە گواستراوەتەوە.

ڕۆیا ڕەستگار، هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی ئەسفەهان و خوێندکاری بەشی پەروەردەی وەرزشی، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار (١١ی ژانویە) لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە و دوای تێپەڕبوونی مانگێک، هێشتا چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نادیارە.

دەستبەسەرکراوانی چەمستانی مازەندەران

ئایدا یەزدی تەمەن ١٩ ساڵ و سۆگەند نائیجی تەمەن ٢١ ساڵ، دوو هاووڵاتیی مازەنی و خەڵکی چەمستانی پارێزگای مازەندەران، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی ئایدا دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە