ئیلام؛ ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی کورد لەگەڵ خوشکی بە ناوی پەرەستوو چەمەن‌ئارا دەستبەسەر کران

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٣:٠٢

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی کورد  و خەڵکی شاری ئیلام و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و پەرەستوو چەمەن‌ئارا خوشکی ناوبراو، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی  کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (١٦ی مارسی ٢٠٢٦)، ساسان چەمەن‌ئارا، تەمەن ٣٦ ساڵ و پەرەستوو چەمەن‌ئارا، هەردووکیان خەڵکی ئیلام، لە ماڵی بنەماڵەکەیاندا دەستبەسەر کران.

جەواد چەمەن‌ئارا، برای ساسان و پەرەستوو چەمەن‌ئارا لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی کە لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەواندا، ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەش ئامادە بوون.

شایانی باسە کە ساسان چەمەن‌ئارا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥)، دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی هەمان ساڵدا بە دانانی کەفالەت لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە ڕەشەممەی ٢٧٢٣دا، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەری و پێبژاردنی ٢٠ ملیۆن تمەن سزای نەقدی بەسەردا سەپابوو.

ئەم هونەرمەندەی خەڵکی ئیلام لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢دا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەید عەلی مەزڵووم سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە