ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی سارا کاوەندی، مێلیکا کاوەندی و محەممەد نوسرەتی لە کەرەج و بیجاڕ

٢٤ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:٤٥

هەنگاو؛ هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

مێلیکا کاوەندی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لەگەڵ خوشکەکەی سارا کاوەندی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە کەرەج دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی کچوویی ئەو شارە گواستراونەتەوە. محەممەد نوسرەتی، هاوژینی مێلیکا کاوەندیش بۆ ماوەی مانگێک دەستبەسەر بووە و ڕۆژێک پێش دەستبەسەرکرانی هاوژینەکەی، ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، مێلیکا کاوەندی تەمەن ٣٨ ساڵ و خوشکەکەی سارا کاوەندی تەمەن ٤٧ ساڵ، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی مێلیکا کاوەندی دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی کچوویی کەرەج گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مێلیکا کاوەندی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «هەڵاتن» تۆمەتبار کراوە و ناونیشانی تۆمەتەکانی سارا کاوەندی تا ئێستا نادیار ماوەتەوە. مێلیکا کاوەندی پێشتریش دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی مانگێک لە بەندیخانەی سنەدا بەند کرابوو.

شایانی باسە کە محەممەد نوسرەتی، هاوسەری مێلیکا کاوەندی و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی جانیوەریی ٢٠٢٦)، لە دوای هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە بیجاڕ دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندان، واتە ڕۆژێک پێش دەستبەسەرکرانی مێلیکا و سارا کاوەندی، ئازاد کرا.

دەستبەسەرکرانی ئەم دوو خوشکە لە کاتێکدایە کە لە خەمی لەدەستدانی باوکیاندا بوون و بارودۆخێکی دەروونیی نالەباریان تێپەڕ دەکرد.

هەنگاو زانیویەتی کە مێلیکا کاوەندی ئەو شەوەی کە هاوسەرەکەی لە بیجاڕ دەستبەسەر کراوە، بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوە نەبووە و لەبەر خراپیی باری تەندروستیی باوکی چووەتە تاران، بە تۆمەتی هەڵاتن (متواری شدن) ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە