دەستبەسەرکرانی شلێر مودیرزادە و ڕاشد ئیمامی، دوو هاوژینی هونەرمەندی خەڵکی پاوە

١٥ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢١:٢٦

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

ڕاشد ئیمامی، هونەرمەندی کورد و خەڵکی شاری پاوە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و هاوژینەکەی، شلێر مودیرزادە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە جارێکی دیکە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٦ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، ڕاشد ئیمامی، ئەندازیاری نەخشەکێشی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی پاوە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئێوارەی ئەمڕۆ و چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی ڕاشد ئیمامی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات جارێکی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و شلێر مودیرزادە، هاوژینی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاوژینە بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە. بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو دوو هونەرمەندە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە، ڕاشد ئیمامی پێشتر، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لەگەڵ برا بچووکترەکەی، محەممەد ئیمامی دەستبەسەر کرابوون.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە