کوژرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی بۆردۆمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
لە ئەنجامی بۆردۆمانی بەرزاییەکانی شاری سیدەکانی هەرێمی کوردستان و لە نزیک سنووری شاری شنۆ، لانی کەم دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای خواردەمەنی و دەرمانی بۆ ئەم بەرزاییانە ڕویشتبوون، کوژران و هاووڵاتییەکیش بێسەروشوێنە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٨ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا بەرزاییەکانی چیای خنێرە لە ناوچەی سیدەکان سەر بە شاری سۆران لە هەرێمی کوردستانیان بوردمان کرد و لە ئەنجامی ئەم بۆردۆمانە دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی ڕەسووڵ یوونسی و ئەحمەد حەیدەری گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەکی دیکە کە هێشتا بۆ ناسنامەکەی بەدواداچوون دەکرێت، بێسەروشوێنە
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم سێ هاووڵاتییە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای خواردەمەنی و دەرمانی بۆ ئەم بەرزاییانە ڕویشتوون و تەرمی دوو هاووڵاتیی گیان بەخت کردووە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای هەولێر گواستراوتەوە.
تا ئێستا سەرچاوەکانی فەرمی و سەربازی تورکیا لە بەرامبەر ئەم هێرشە ئاسمانییە کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتیی مەدەنی هیچ لێدوانێکیان نەداوە.