بۆکان؛ گیانبەختکردنی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران و ڕفاندنی تەرمەکەی

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٥:٠١

هەنگاو؛ هەینی ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی مەهاباد بە ناوی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی، لە ئەنجامی تێکهەڵچوون و تەقەکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران لە شاری بۆکان گیانی بەخت کرد و تەرمەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢٨ی جولای ٢٠٢٦)، لە دەوروبەری ڕێگەی بەنداوی بۆکان و لە یەکێک لە بازگەکانی سوپای پاسداران لە سەر ڕێگای سایین قەڵا، سەید ئەحمەد ئیسماعیلی کەوتووەتە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە و گیانی بەخت کردووە.

سەید ئەحمەد ئیسماعیلی لە کاتێکدا کە لەسەر ماتۆر بووە، لە سەر ڕێگای بۆکان بۆ شاهیندژ کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی جێگیر لە بازگەی سوپای پاسداران و دەستبەجێ گیانی بەخت کردووە.

دوای کوژرانی ئەم هاووڵاتییە، هێزەکانی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر تەرمەکەیدا گرتووە و ڕفاندوویانە و تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە.

شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە، پەیوەندییە گشتییەکانی بڕیارگەی «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سوپای پاسداران بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەی ناوبراو، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە  «کەسێکی تیرۆریست» لە شاری بۆکان کوژراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە